بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، موحسێن پاک ئایین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مێهر، بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ترامپ بۆ بە ئامانجگرتنی چیای قوڵەنگ، وتی: هەڕەشەکانی ئەمریکا لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، وەک ئەندامی پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و لەگەڵ هیچ پێوەرێکی نێودەوڵەتیدا ناگونجێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە ئەم هەڕەشانە بەردەوامن بەهۆی بێدەنگی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا و بێتوانایی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەم وڵاتە.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە کۆماری ئازەربایجان جەختی لەوە کردەوە: ئێمە چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیانەیە و کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیەوە نییە؛ بابەتێک کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش پشتڕاستی کردووەتەوە.
پاک ئایین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کردەوەی ئەمەریکا نە لۆژیکی عەقڵانی هەیە و نە بنەمایەکی یاسایی و نێودەوڵەتی هەیە و ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکرێتە بەردەم وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئێرانەوە دەبێت.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان ببێتە ڕێکار، بەدڵنیاییەوە زیانی ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنی دەبێت، چونکە ئەو وڵاتانە چەکی ئەتۆمییان هەیە و ئەو جۆرە کردەوانە دەتوانن لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەبێت.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە کۆماری ئازەربایجان زیادی کرد: تا ئێستا هەر کارێک کە ئەمریکییەکان کردوویانە دواجار بە زیانی خۆیان کۆتایی هاتووە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەپارێزێت، ڕایگەیاند: هێرشکردنە سەر ناوچەیەک یان دامەزراوەیەک نابێتە هۆی ئەوەی ئێران توانای سوود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەدەست بدات.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە کۆماری ئازەربایجان ئاماژەی بەوەدا: چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە لە چیای قوڵەنگدا هیچ دامەزراوەیەکی ئەتۆمی یان بەرنامەیەکی ئەتۆمی نییە و خستنەڕووی ئەو جۆرە بانگەشەیە لەسەر بنەمای زانیاریی ناڕاستە کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پێشکەش کراوە.
Your Comment